زانکۆی هەڵەبجە بێ بەرامبەر فۆڕمی زانکۆ لاین بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی پڕدەکاتەوە

زانکۆی هەڵەبجە بێ بەرامبەر فۆڕمی زانکۆ لاین بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی پڕدەکاتەوە


​بە ئامانجی خزمەتکردنی خوێندکارانی دوانزەی ئامادەیی و پێدانی ڕێنمایی پێویست تایبەت بە پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٩/٢٠، مەڵبەندی ڕاوێژکاریی زانکۆی هەڵەبجە دەستی بە کارەکانی کرد. لە مەڵبەندەکەدا چەندین کەسی شارەزا، پسپۆڕ و ئەکادیمی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناو زانکۆ بە شێوەیەکی دڵسۆزانە و بە ڕاوێژکردن لەگەڵ خوێندکاران، فۆڕمەکانیان بۆ پڕدەکەنەوە و زانیاری پێویستیان پێ دەبەخشن تاوەکو تووشی هیچ گیروگرفتێک نەبن.

​وەک دەستپێکی کارەکانیان، پ.ی.د. ڕەنجدەر محەمەد عەزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، سەردانی مەڵبەندەکەی کرد و دەستخۆشی و سوپاسی ئاڕاستەی ستافەکە کرد، وە داوای کرد تەواوی هاوکاریی خوێندکاران بکرێت لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیاندا.

​ئەم مەڵبەندە بۆ ماوەی ۱۰ ڕۆژ لە کاتژمێر ۹ی بەیانی تا ۱ی نیوەڕۆ لە ناو زانکۆدا فۆڕم پڕدەکاتەوە و ڕێنمایی پێویست و گرنگ دەبەخشێت. هەروەها هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێک لە پڕکردنەوەدا، وەک پێدانی وشەی تێپەڕ (Password) و ناوی بەکارهێنەر (Username) یان بەدەستهێنانەوەیان لە حالەتی ونبووندا، جێبەجێکردنی گەڕانەوە بۆ هەر قۆناغێک کە خوێندکار بیەوێت، و پێشکەشکردنی هەموو زانیاری و ڕێنماییەکی تایبەت بە خوێندنی ئێواران بەوانەی ئارەزوومەندن.