یاداشتی لێکتێگەیشتنی زانستی لە نێوان زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی (Applied Sciences)ی ئەڵمانی (HTW Berlin) واژۆ کرا

یاداشتی لێکتێگەیشتنی زانستی لە نێوان زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی (Applied Sciences)ی ئەڵمانی (HTW Berlin) واژۆ کرا


لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ دروستکردن وپەرەپێدانی پەیوەندییە زانستییەکان لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی، ٢٠٢٦/٩/٩، بەڕێز (پ.د.بەمۆ پەروێزخان)سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە پێشوازی لە بەڕێز پ. هۆرست (Prof. Horst) نوێنەری زانکۆی (WTH-Brlin- University of Applied Science) و بەرێز (Mrtin) لە ڕێکخراوی وادی (Wadi) ئەڵمانی وسەرۆکی ڕیکخراوی نوێ کرد.
لە دیدارێکدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆ بە ئامادەبوونی بەڕێزان: (پ.د.سیروان حامد احمد) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی ودارایی و (پ.ی د. هەڵگورد عەلی) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆکاروباری زانستی، (پ.ی.د. ڕێبوار زین الدین) ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت و (پ.ی.د. ئەحمەد میرە) ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی شارەزوور و (د. فەرەیدوون والی ئەحمەد) لە بەشی ئەندازیاری کارەبا و ئەلیکترۆنیک، دوای بەخێرهاتنی وەفدی میوان، تیشکی خستە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی زانکۆ ومامۆستایان وستافی زانکۆ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە زانستییەکانی زانکۆی هەڵەبجە، کە وای کردووە دەستکەوت و پێشکەوتنی زانستی بەرچاو بۆ زانکۆ بهێنێتە ئاراوە، هاوکات جەختی لە گرنگی پەیوەندی ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆی (Applied Sciences)ی ئەڵمانی کردەوە، کە زانکۆیەکی بە ئەزمون وخاوەن پێگەیەکی زانستی پێشکەوتووە لە ئاستی جیهاندا، و وەفدی میوان دڵخۆشی و پەرۆشی خۆیان بۆ ئەم لێکتێگەشتنە زانستییە دەربڕی و هەردولا کۆک بوون لەسەر جێبەجێکردن وپراکتیزەکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەکە، ولە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، یاداشتی لێکتێگەشتنی زانستی دوای واژۆی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی ناوبراو لەلایەن سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەوە واژۆکرا.
شایەنی باسە، ئەم لێکتێگەیشتنە بە دەسپێشخەری بەڕێز (د. فەرەیدوون والی ئەحمەد) لە بەشی ئەندازیاری کارەبا و ئەلیکترۆنیک، وبە سەرپەرشتی و هاوکاری ڕاستەوخۆی بەڕێز (پ.ی.د.هەڵگورد عەلی) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆکاروباری زانستی، هاتۆتە ئەنجام، کە ماوەی شەش مانگە لە کۆبونەوە وگفتوگۆدان وبۆ ئەم مەبەستە چەندین پڕۆپۆزەڵیان پێشکەش بە زانکۆ ناوبراو کردووە.
ئەم لێکتێگەشتنە چەندین بواری ستراتیژی و گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە:
پڕۆژەی زانستی هاوبەش بۆ بواری وزەی نوێبووەوە(Renewable Energy) ، بەتایبەتی وزەی خۆر و باتری (Solar PV)، هەروەها بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی ئاو و تەکنۆلۆجیای ڕیسایکلین، ئەمانە لەگەڵ ئەنجامدانی توێژینەوەی ئاستبەرز بە هاوبەشی لەنێوان توێژەرانی هەردوو زانکۆ، لەپاڵ گرنگیدان بە ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی خوێندکاران و مامۆستایان(Guest Lecturer) دا.
وەک دەستپێکێک بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە، (پ.ی.د. هەڵگورد عەلی) و (د. فەرەیدوون والی ئەحمەد) بە هاوڕێیەتی شاندی میوان، سەردانێکی مەیدانییان بۆ چەند گوند و ناوچەیەکی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کرد، ئامانج لەم سەردانە دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی ناوچەکە و دیاریکردنی شوێنی گونجاوە بۆ دەستپێکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژە زانستی و تەکنیکییەکان لە بواری وزەی نوێبووەوە و ژینگەدا.
ئەم هەنگاوە دەبێتە دەستپێکێکی بەپێز بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی کرداری لە خزمەت دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە و برەودان بە ئاستی زانستیی زانکۆی هەڵەبجە.