سیمپۆزیۆمی (دیزاینکردنەوەی سیستەمی خوێندن لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد)دا بەڕێوەچوو

سیمپۆزیۆمی (دیزاینکردنەوەی سیستەمی خوێندن لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد)دا بەڕێوەچوو

ڕۆژی شەممە ٢٠٢٦/٥/١٦، لە هۆبەی کەشکۆڵ لە کارگەی کلتوری سلێمانی، سیمپۆزیۆمی تایبەت بە (دیزاینکردنەوەی سیستەمی خوێندن لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا) بەڕێوەچوو.

لەم چالاکییە زانستیەدا، تیشک خرایە سەر ئەو کێشە و دەرفەتە یەکجار گرنگانەی زیرەکی دەستکرد لە پرۆسەی فێربووندا دروستیان دەکات، بە هاوبەشی و هەماهەنگی لە نێوان ( زانکۆی هەڵەبجە،زانکۆی جیهان-سلێمانی، و کۆمپانیای AI Hub ) ڕێکخرابوو.

سیمپۆزیۆمەکە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەستیپێکرد و وتەی بەخێرهاتن لەلایەن م. ی. محمد لەتیف مەولەوی مامۆستا لە کۆلێژی زانستی زانکۆی هەڵەبجە وەک ڕێکخەری سیمپۆزیۆمەکە پێشکەشکرا.  سیمپۆزیۆمەکە  تا ٢ی دوای نیوەڕۆ بەردەوام بوو، بە ئامادەبوونی بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، و  پ.د. سیروان حامد احمد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. علی محمد صاڵح ڕاگری سەنتەری توێژینەوەو پەرەپێدان، پ.ی.د. سەرکێو صلاح عبدالکریم ڕاگری کۆلێجی زانست و پ.ی.د. سادات عبداللە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، لەگەڵ کۆمەڵێک لە مامۆستایان، پسپۆڕان و خوێندکارانی زانکۆکان.

بەرنامەی کارەکانی سیمپۆزیۆمەکە لە چوارچێوەی دوو تەوەری سەرەکیدا بەڕێوەچوو. لە تەوەری یەکەمدا، تیشک خرایە سەر ئەو کێشانەی زیرەکی دەستکردی بنیاتنەر بۆ سیستەمی خوێندنی دروست کردووە، لەگەڵ پێشنیارکردنی ڕێگەچارەی گونجاو و زانستی بۆیان.

لە تەوەری دووەمیشدا، ئەو مۆدێل و سیستەمانەی زیرەکی دەستکرد خرانەڕوو کە لەلایەن توێژەران و خوێندکارانەوە پەرەیان پێدراوە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن و گەشەپێدانی زانستی.