پەیامی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە ساڵیادی کیمیاییبارانکردنی شاری هەڵەبجەدا
کەسوکاری
سەربەرز و خۆشەویستی شەهیدانی شاری هەڵەبجە
هەموو ساڵێک لە مانگی ئازار دا، ئازار و مەینەتی
شاری هەڵەبجەمان دێتەوە یاد و دەمانتاسێنێت، سی و هەشت
ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعسى لەناوچوو بۆ لە ناوبردنی ئەم شارە و گەلی کورد پەنای
بردە بەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی، بەڵام هەڵەبجە بە زیندووی مایەوە،
و بوو بە پایتەختی ئاشتی و پێکەوە ژیان.
ئەمڕۆ ئێمە لە باوەشی شاری هەڵەبجەداین، کە
مێژووەکەی تەنها بە مەرەکەب نەنووسراوەتەوە، بەڵکو بە خوێن و دووکەڵی سوتێنەر
نەخشێنراوە. ١٦ی ٣، تەنها ڕێکەوت و ڕۆژێکی ئاسایی نییە لە ڕۆژژمێر و یادگە و
یادەوەریی ئێمە و کۆمەڵگای کوردیی و مرۆییدا، بەڵکو زیاد لەوە، لەسەر ئاستی جیهاندا
خاڵی وەرچەرخانی ویژدانی مرۆییە.
ئێمە وەک سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە، کاتێک
دەڕوانینە مێژوو و ئێستاى ئەم شارە، تەنها وێنای کارەساتێک نابینین، بەڵکو هەڵگری
پەیامێکی قورسی ئەکادیمی و مەعریفی دەبینین، کە چۆن برینێکی وا قووڵ، بکەینە
وزەیەک بۆ بونیادنانەوەی مرۆڤ و زانست.
هەڵەبجە پێش ئەوەی ببێتە قوربانیی چەکی کیمیایی،
تەکیەی عاریفان و مەنزڵگەی شاعیران و مەڵبەندی ڕۆشنبیری و سەرهەڵدانی بیر و
ڕوانگەی نوێ و پێکبەست بە کلتوورە دێرین و لەمێژینەکەی خۆی بووە. ڕەهەندی کلتووریی
و فرە ڕەنگیی ئەم شارە، ڕەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە، لێرە دەنگی (نالی)ی داهێنەر و
(مەولەوی)ی عاریف و (گۆران)ی نوێخواز و (تاهیر بەگی جاف)، پێکەوە ئاوێتەبوون.
هەڵەبجە هەمیشە شاری پێکەوەژیانی ئایینی و
مەزهەبی بووە، شارێک، کە تیایدا مزگەوت و تەکیە و حوجرەکان تەنها شوێنی پەرستش
نەبوون، بەڵکو ناوەندی بەرهەمهێنانی فیکر و ئەدەب بوون. ئەم فرە دەنگییە کلتوورییە،
وای کردبوو، کە هەڵەبجە ببێتە ناسنامەیەکی زیندوی ڕۆشنبیری بۆ هەموو کوردستان.
بەڵام دوژمنانی ژیان، نەک هەر جەستەی مرۆڤەکان، بەڵکو ویستیان ئەو ناسنامە کلتوورییە
و ئەو دەنگە جیاواز و فرە ڕەنگییەش بێدەنگ بکەن، کە موژدەی ئازادی و جوانییان
پێبوو.
کیمیاییبارانی هەڵەبجە، تەنها تاوانێکی جەنگی
نییە، بەڵکو جینۆسایدێکی زانستی بوو.
ئێمە، وەک ناوەندێکی خوێندنی باڵا، ئەرکی
سەرەکیمان لە زانکۆی هەڵەبجە ئەوەیە، کە ئەم کارەساتە لە چوارچێوەی گێڕانەوەی
سۆزدارییەوە بگوازینەوە بۆ ناو کایەی توێژینەوەی زانستی. تاوەکو وەڵامی ئەو
پرسیارانەمان دەستبکەوێت، کە: چۆن زانست و تەکنۆلۆژیا لە دەستی دیکتاتۆرەکاندا
دەبنە ئامڕازی لەناوبردن و قڕکردن و کۆمەڵکوژی؟ چۆن دەکرێت کیمیا، کە دەبێت
لەخزمەت دەرمان و ژیاندا بێت، ببێتە سێوی ژەهراوی بۆ خنکاندنی مرۆڤ و کۆرپەکان؟
ئەرکی ئەکادیمیی ئێمە، لێکۆڵینەوەیە لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ژەهر لەسەر
جیناتی مرۆڤ و ژینگە. دەمانەوێت زانکۆی هەڵەبجە بکەینە سەکۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوەی
نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر جینۆساید و چەکە قەدەغەکراوەکان، تاوەکو ڕێگری لە
دووبارەبوونەوەی بەکارهێنانی لەوجۆرە و مەرگی هاوشێوە لە تەواوی ئەم هەسارەیەدا
بگرین.
ئێمە لێرەین، تا بە زانست و لێکۆڵینەوە، وەڵامی
ئەو جەهل و تاریکییە بدەینەوە، کە ویستی بە گازە کوشندەکان، ڕووناکی لەم شارە
ببڕێت. خوێندکارانی ئێمە، کە نەوەی دوای کارەساتەکەن، باشترین بەڵگەی سەرکەوتنی
ژیانن بەسەر مردندا، ئەوان بە پێنووسەکانیان، ناوی ئەو منداڵانە دەنوسن و تۆڵەی
ئەو منداڵانە دەکەنەوە، کە ژەهر دەرفەتی ئەوەی پێنەدان، بچنە خوێندنگەکانی
هەڵەبجەوە.لە ڕەهەندی سیاسیی شارەکەشەوە، ئێرە تەنها
شارێکی قوربانی نییە، بەڵکو کیمیاييبارانی ئەم شارە، پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی
بەرژەوەندییە سیاسییەکانی جیهانی لادا. بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٨٨
و دواتریشدا، گەورەترین شکستی ئەخلاقیی سیاسەتی جیهانی بوو. هەڵەبجە تێیگەیاندین،
کاتێک سیاسەت لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی شکۆی مرۆڤ بونیادنەنرێت، دەبێتە
ئەو ماشینە وێرانکەرەی، کە هەڵەبجەی خەڵتانی ژەهر و خوێن کرد. دەمانەوێت لە زانکۆی
شارەکەدا، کادیرانی سیاسی و خوێندکارانی بەشە پەیوەندیدارەکان وا پەروەردە بکەین،
کە بڕوایان بە دیبلۆماسیەتی مرۆیی و پاراستنی مرۆڤ و مافەکانی هەبێت.
هەڵەبجە شارێکە بە هەزار ڕەنگ و دەنگەوە، لێرەوە
شیعری کلاسیک و مۆدێرن، دەنگی دەف و میوزیک و شانۆی هاوچەرخ، پێکەوە دەژین. ئەم
شارە نیشتیمانی دەیان پیر و پیاوچاک و ژنانی نموونە و ئایکۆنی ژیاندۆستییە.
ڕەهەندی کلتوریی ئێمە، بەرگری تێدا دەبینیتەوە. ئێمە بە کلتوور و هونەرەکەمان
دەیسەلمێنین، کە مەرگ نەیتوانی و ناتوانێت ناسنامەی ئێمە بسڕێتەوە. زانکۆی
هەڵەبجەیش تەنها شوێنی وانەوتنەوە نییە، بەڵکو ماڵی پاراستنی ئەو کلتورە
دەوڵەمەندەیە، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەیەوێت بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاوی
زیاتر بنێت.
وەکو سەرۆکایەتی زانکۆ، بەڵێنمانداوە و
دووپاتیدەکەینەوە، کە زانکۆمان بکەینە قەڵایەکی زانستی بۆ خزمەتی ئەم شارە. ئێمە
بەردەوامدەبین بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا، بە دۆکیومێنتکردنی تاوانەکان، لە
پێگەیاندنی نەوەیەک، کە چەکی دەستی تەنها زانست و مرۆڤدۆستی بێت.
لە کۆتاییدا دروود ئەنێرین بۆ ڕوحی شەهیدەکان.