زانکۆی هەڵەبجە هەنگاوێکی نوێ هەڵدەگرێت بەرەو بەهێزکردنی هاوکاریی زانستی و پزیشکیی نێودەوڵەتی

زانکۆی هەڵەبجە هەنگاوێکی نوێ هەڵدەگرێت بەرەو بەهێزکردنی هاوکاریی زانستی و پزیشکیی نێودەوڵەتی

لە چوارچێوەی هەوڵ و ستراتیژییەکانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکان و کردنەوەی دەرگای هاوکارییەکی بەرهەمدار لەگەڵ دامەزراوە زانستی و پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/١٠/١٣ بەشێوەی ئۆنلاین کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدرا بە سەرپەرشتی بەڕێز (پ. د. بەمۆ پەروێزخان)، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، و بە ئامادەبوونی (پ.ی.د. هەڵگورد تاماس)یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و سەرپەرشتیاری کۆلێجی پزیشکی و کۆمەڵێک لە مامۆستایانی کۆلێجی پزیشکی بەڕێزان (د. جیهاد ئیبراهیم، د. محەممەد سبحان و د. زانا باقی) لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوەی فەرمی پزیشکانی مەدرید (ICOMEM)و دامەزراوەی هاوکاریی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی کۆلێژە فەرمییەکانی پزیشکیی ئیسپانیا (FCOMCI).

بابەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکان و بنیاتنانی پەیوەندییەکی ستراتیژی و درێژخایەن لە نێوان زانکۆی هەڵەبجە و ئەم دامەزراوانە تاوتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی هاوکاریی هاوبەش لە بواری پەروەردە و خوێندنی پزیشکی، پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری، بەرزکردنەوەی تواناکانی کادری ئەکادیمی و پزیشکی، هەروەها ڕێکخستنی خول و چالاکییە زانستییە هاوبەشەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نێودەوڵەتی، وەک تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە خرانەڕوو. هەروەها، گفتوگۆ لەسەر دەرفەتەکانی داهاتووی هاوکاری کرا، بە ئامانجی دروستکردنی بنەمایەکی بەهێز بۆ پڕۆژە زانستی و پزیشکییە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکی بەردەوام کە بتوانێت بەشدارییەکی کاریگەر لە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی پزیشکی و پێشخستنی بواری تەندروستی بکات.

سەرۆكایەتی زانکۆی هەڵەبجە جەخت لەوە دەکاتەوە کە فراوانکردنی پەیوەندییە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی پردی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە پێشکەوتووەکانی جیهان، یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی پەرەپێدانی زانکۆ و بەرزکردنەوەی کوالێتیی پەروەردە و توێژینەوە. بێگومان ئەم جۆرە دیدار و کۆبوونەوانە دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنن بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون، پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان و خوێندکاران، و ئامادەکردنی ژینگەیەکی زانستیی پێشکەوتوو کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و پێشکەوتنەکانی پزیشکیی نوێدا بگونجێت.

زانکۆی هەڵەبجە هیوادارە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هاوکارییەکی بەرهەمدار و درێژخایەن لەگەڵ دامەزراوە پزیشکییەکانی ئیسپانیا، بە شێوەیەک کە لە داهاتوودا بگاتە ئەنجامی کرداری و پڕۆژەی هاوبەشی زانستی و ئەکادیمی، و ڕۆڵێکی دیار لە پێشخستنی خوێندنی پزیشکی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا و تەندروستیی گشتی بگێڕێت.