زانکۆی هەڵەبجە سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار دەکات لە ڕیزبەندی ٢٠٢٧ی دامەزراوەی QSی جیهانیدا

زانکۆی هەڵەبجە سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار دەکات لە ڕیزبەندی ٢٠٢٧ی دامەزراوەی QSی جیهانیدا

 لە دەستکەوتێکی ئەکادیمی کەمپێشینەدا، زانکۆی هەڵەبجە بە فەرمی چوونە ناو ڕیزبەندی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ (QS Arab Region Rankings 2027) ڕاگەیاند، کە تێیدا توانی پلەی پێشەنگی (٢٠١-٢٥٠) لەسەر ئاستی ناوچەی عەرەبی بەدەستبهێنێت.

 بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، زانکۆی هەڵەبجە لەسەر ئاستی زانکۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا پلەی ١٤٠ و لەسەر ئاستی عێراقیش پلەی ٢٦ەمینی بەدەست هێناوە، بەمەش زانکۆکە لەم خولەی ڕیزبەندییەکەدا توانیویەتی پێش ٢٣.٤٪ی سەرجەم زانکۆ بەشداربووەکانی ناوچەی عەرەبی بکەوێت کە ململانێ لە نێوان ٣٢٥ زانکۆدا بووە.

ئەم دەستکەوتە گەورە و پڕبایەخە بەشێکە لە چالاکی و هەوڵەبەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان لە زانکۆی هەڵەبجە، دیارترین و درەوشاوەترین خاڵی ئەم دەستکەوتە، بەدەستهێنانی پلەی پێنجەم (Rank 5) بوو لەسەر ئاستی گشتی وڵاتانی عەرەبی لە پێوەری "ڕێژەی پێشاندانی سەرچاوەکان بۆ هەر توێژینەوەیەک" (Citations per Paper) 

ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی پلان داڕشتن و چاودێری بەردەوامی زانکۆی ‌هەڵەبجەیە، کە لە ڕێگەی کارە سەرەکییەکانییەوە توانیویەتی مەرج و پێوەرەکانی QS جێبەجێ بکات، لەوانە:

  1. پشتیوانیکردنی پرۆسەی توێژینەوەی ئاستبەرز: هاندان و ڕێکخستنی بڵاوکراوە زانستییەکانی زانکۆ لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە خاوەن ئیمپاکت فاکتەرەکان، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر بەدەستهێنانی نمرەی ٩٩.٦ لە کاریگەری توێژینەوەدا هەبوو.

  2. باشترکردنی پێوەری مامۆستا بۆ خوێندکار: چاودێریکردنی ڕێژەی ستانداردی (Faculty Student Ratio) کە زانکۆ نمرەی ٣٣.٣ی تێدا هێناوە.

  3. ڕێکخستنی داتاکان و پێشکەشکردنی فایلی زانکۆ: ئامادەکردنی داتا و بەڵگەنامە ئەکادیمییەکان بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ کە وایکرد زانکۆکە ببێتە خاوەن بڕوانامەی فەرمی لەلایەن دامەزراوەی QS بۆ ساڵی ٢٠٢٧.

  4. داڕشتنی پلانی داهاتوو بۆ خاڵە لاوازەکان: کارکردن لەسەر ئەو پێوەرانەی پێویستیان بە گەشەکردنە (وەک زیادکردنی ستافی خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا، بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری زانکۆ، و پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان) بەپێی ئەو شیکارییە وردەی کە بەڕێوەبەربەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی ئەنجامی داوە.


سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە لە سەرجەم مامۆستایان، توێژەران و خوێندکاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە زانکۆ بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ئاستی زانستی خۆی بۆ بەدەستهێنانی پلەی بەرزتر.


پەڕەی فەرمی زانکۆی هەڵەبجە لە ڕیبەندییەکە

https://www.topuniversities.com/universities/university-halabja


ڕیزبەندی QS Arab Region University Rankings 2027

https://www.topuniversities.com/arab-region-university-rankings